شاعیر: ئەحمەد موختار جاف
کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف
سەرناو: غەزالەی چینە یاخۆ پیاڵەیی سەهبایە ئەو چاوە

غەزالەی چینە یاخۆ پیاڵەیی سەهبایە ئەو چاوە
شەڕابی نابە یاخۆ نێرگسی شەهلایە ئەو چاوە

ئەرێ مایەی حەیات و قووتی ڕۆحە لێوی ڕەنگینت
وە یا غارەتگەری دینی فەقێ و مەللایە ئەو چاوە

موسەللەح بوو بە موژگانی سیاه و تیغی دوو ئەبرۆ
مەزەننە مایلی فیتنە و شەڕ و دەعوایە ئەو چاوە

بە گۆشەی چاوی تۆ نابن ستارەی تارمی ئەفلاک
لەسەر ئەرز و سەما بێ میسل و بێ هەمتایە ئەو چاوە

بە تیغی ئەبرووان و تیری موژگانی سیاهی خۆی
لەبۆ قەتڵی دڵی عاشق، چ بێ پەروایە ئەو چاوە

غوڵامی ئاستانەت ئەحمەدی بێچارەیە جانا
شەهی ئیقلیمی حوسن و ئامیر و مەولایە ئەو چاوە